تورکیا چالاکێکی سیاسی کوردی ڕادەستی ئێران کردووەتەوە

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش لەلایەن حکومەتی تورکیا ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:٣٨

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش لەلایەن حکومەتی تورکیا ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندان (سەرەتای فێبریوەری) ٢٠٢٢)، چالاکێکی سیاسی بە ناوی سەعید میرزایی ٤٥ ساڵە و کوڕی عادڵ کە ماوەیەک پێش لەلایەن وڵاتی تورکیاوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر کاتی ڕادەستکردنەوەی ئەم چالاکە سیاسییە لەلایەن تورکیاوە بە ئێران لە بەر دەست نییە و نەزانراوە کە ناوبراو چ ماوەیەک لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگیراوە.

دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە سەعید میرزایی خەڵکی گوندی «گوندک مڵا» ی ئورمیەیە و نزیکەی چوار ساڵ پێش لەگەڵ بنەماڵەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە تورکیا.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی هاوژین و منداڵەکەی سەعید میرزایی لە بەر دەست دا نییە.

سەعید میرزایی ساڵی ٢٠٠٣ چووەتە هەرێمی کوردستان و بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) و نزیکەی چوار ساڵ پێش هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە