تێکهەڵچوونێکی قورس لە شنۆ هاتە ئاراوە و لانیکەم ١٢ پاسدار کوژراون

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە ناوچە کوێستانییەکانی شاری شنۆ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی دژبەری ئێران هاتە ئاراوە.

٢٠ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٢:٤٠

 

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە ناوچە کوێستانییەکانی شاری شنۆ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی دژبەری ئێران هاتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی  ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ١١ی ئاگۆستی ٢٠١٨)،  لە بەرزاییەکانی کێلەشین لە سنووری نێوان شنۆ و سیدەکان، تێکهەلچوونێکی قورس لەنێوان سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو تێکهەڵچوونەدا لانیکەم ١٢ پاسدار کوژران و زیاتر لە ١٠ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بنکەی حەمزەی سپای پاسداران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاندووە کە لەو تێکهەڵچوونەدا ١٠ کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە کوردیە گیانیان لە دەست داوە. ڕاگەیاندراوەکە هیچ باسێکی لە کوژراو و بریندارەکانی سپای پاسداران نەکردوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لەئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٨ پێشمەرگە گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی شاری شنۆش بریندار و بە دیل گیراوە.

فەرماندەی فەرماندەهیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (حدکا) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ٥ کاتژمێری خایاندووە. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دواتر زانیاری زیاتر لەسەر ئەو شەڕە بڵاو دەکەینەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە