تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە بۆکان هاتە ئاراوە و سپا بەرزاییەکانی نەوسوودی تۆپباران کرد

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سپای پاسداران لە بۆکان هاتووەتە ئاراوە و

٤ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٧:٢٣

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سپای پاسداران لە بۆکان هاتووەتە ئاراوە و لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سپای پاسداران بەرزاییەکانی شاری نەوسوودی تۆپباران کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٦ی جولای ٢٠٢١)، تۆپخانەکانی سپای پاسداران چیاکانی گوندی “شەڕەکان” سەر بە شاری نەوسوودیان لە پارێزگای کرماشان تۆپباران کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ئاکامی تۆپبارانی هێزەکانی سپا زیانێکی زۆر بەر سروشتی ناوچەکە کەوتووە و پوش و پاوەن و دارستانەکانی ئەو شاخانە ئاگریان تێبەربووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای)، لە نزیک گوندی “عیلم ئاباد”ی شاری بۆکان تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر زیانەکانی ئەو شەڕە لە بەر دەستدا نییە و هیچ لایەنێکی کوردیش ئەو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە