تەقینەوەی مین لە مێهران سێ کوژرا و بریندارێکی لێکەوتەوە

هەنگاو: بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق چوار هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام کوژران و بریندار بوون.

٢٧ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٦:١١


هەنگاو: بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق چوار هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام کوژران و بریندار بوون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی مێهران و لە شوێنک بە ناوی ”هلت“ سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەک بریندار بووە کە گەیندراوەتە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە.

ناسنامەی ئەو چوار هاووڵاتییە کە سەرجەمیان خەڵکی شاری مەلەکشاهی ئیلام بوون و بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە چوون بۆ ئەو ناوچەیە، بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە؛ لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە سەلیم تاراس، چراغ عەبدی و هادی ئومیدی گیانیان لە دەست داوە و کەسێک بە ناوی مێهدی ئومیدی بریندار بووە.


میدیا حکوومەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە تەقینەوەکە لە ناو سنووری عێراق ڕووی داوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەو شوێنەی کە تەقینەوەکە ڕووی داوە نێو خاکی مێهران بووە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای بەهارەوە لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە