جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی دوو هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەی کرماشان

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یووسف بەیگی و ئەیووب لەتیفی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپا

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١١:١٠

 

هەنگاو: شەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یووسف بەیگی و ئەیووب لەتیفی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، سزای سێدارەی لاوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی یووسف بەیگی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێ کراوە.


یووسف بەیگی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

لە لایەکی دیکەوە و بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی سەرفیروزئاوای سەر بە کرماشان بە ناوی ئەیووب لەتیفی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوا جێبەجێ کراوە.

شایانی باسە بە پێی ئەو هەواڵانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتووە لانی کەم ٤ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی دیزڵئاوا لە سێدارە دراون کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە و بەدواداچوونەکانی هەنگاو بۆ ئاشکرا کردنی ناوی ئەو کەسانە بەردەوامە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە