جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ئیلام

سزای سێدارەی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کەماڵ بەیانی ڕاد، خەسرەو تارک و ستار ئەرغەندە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان ب

١٩ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٠:٢٠

 

هەنگاو: پێنجشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٠٢٢

سزای سێدارەی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کەماڵ بەیانی ڕاد، خەسرەو تارک و ستار ئەرغەندە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ستار ئەرغەندە تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی لە ١٨ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لە بەندیخانە بووە. ناوبراو دوو ساڵ پێش بۆ ماوەیەک ئازاد کراوە و پاشان دەستبەسەر کراوەتەوە.

شایانی باسە ستار ئەرغەندە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە دەستبەسەر بووە دانی بەوەدا نەنابوو کە کەسێکی کوشتووە و هیچ بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت ناوبراو بکوژ بووە لە بەر دەست نەبووە و تەنیا بە پێی «زانستی دادوەر» سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

خەسرەو تارک تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی و دانیشتووی ئیلام بووە. ناوبراو ٧ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، کەماڵ بەیانی ڕاد خەڵکی ئیلام ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەلایەن میدیا و سەرچاوە حکومەتییەکانەوە ڕانەگەیەنراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە