جەبار دووستی ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان دەستبەسەر کرا

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٣:١٠


هەنگاو: سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _ لقی مەریوان بە ناوی جەبار دووستی تەمەن ٦١ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەبار دووستی یەکێک لە مامۆستایانی بە پێشینەی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان و وێڕای دەستبەسەر کردنی ماڵەکەشیان پشکنیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی دروست لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ جەبار دووستی لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە جەبار دووستی جارێکی دیکەش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو نەخۆشی دڵی هەیە و بەردەوام دەرمان بەکار دەهێنێت.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە