حوکمی بەندکرانی موژگان کاووسی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە زیاد کرا

هەنگاو: حوکمی موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای

٢٦ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٣:٢٣


هەنگاو: حوکمی موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان تەنیا بە تۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئیستاگرامی کە نووسیبووی “بێ دەنگی خیانەتە” و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاوی کردبوویەوە، حوکمی ٣٦ مانگ بەنکرانی بە سەردا سەپاوە.


موژگان کاووسی لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە کە تانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە و دوای دانیشتنی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر کرا.

ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتە فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی “هیوا” بەرهەم هێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا.


موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور،بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە