حوکمی سێدارەی حەوت بەندکراوی سیاسی کورد بۆ جاری سێهەم پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: دیوانی باڵای ئێران، بۆ جاری سێهەم حوکمی سێدارەی سێدارەی حەوت بەندکراوی مەزهەبی کوردی پشتڕاست و ئەو حوکمەی بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیاندووە.

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٣:١٣

 

هەنگاو: دیوانی باڵای ئێران،  بۆ جاری سێهەم حوکمی سێدارەی سێدارەی حەوت بەندکراوی مەزهەبی کوردی پشتڕاست و ئەو حوکمەی بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیاندووە.
 

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی ٧ بەندکراوی مەزهەبی کورد بە ناوەکانی “خوسرەو بەشارەت، کامران شێخە، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، ئەیووب کەریمی، ئەنوەر خزری” بۆ جاری سێهەم لەلایەن لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران پشتراست کراوەتەوە و بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیەندراوە.

پێشتر و  رۆژی دووشەممە ١٤ی رێبەندانی ٩٨ (٣ی فێوریەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی ئەو حەوت بەند کراوە کوردە بۆ جاری دووهەم لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابوویەوە. پێش ئەوەش ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤٢ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە.


ئەو حەوت هاووڵاتیە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ (١٠ ساڵ پێش) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرانەوە و دوای ٨ مانگ راگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە، بۆ بەندیخانەی ئێڤین تاران و دواتر و ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بۆ بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە.

ئەو حەفت بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ڕەشەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٠١٦) ، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆرشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە، چەندین تۆمەتی وەکوو”هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام، ئەندامەتی لە گروپە سەلەفیەکان، فسادفی الارض”یان بەسەردا سەپێندرا و ساڵیک دواتر حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا. دوایی نارەزایەتی بەو حوکمە لەلایەن ئەو ٧ بەندکراوە کوردە، حوکمەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێندرایەوە.
 

ئەو بەندراوانە لە جۆزەردنی ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی “فسادفی الارض” لەلایەن لقی ١٥ دادگای شۆرشی تاران بە بەپرسیارەتی دادوەر سەڵەواتی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراو دوای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەیان ئەو حوکمە بۆ لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران نێردرایەوە. پشترارسکردنی ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، هەر لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران حوکمەکە هەڵوەشێندرابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە