حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی بە پێی دۆسیەیەکی بەتەواوی نهێنی دەر کراوە

هەنگاو: لەم راپۆرتەدا بە پشتبەستن بە لێدوانی پارێزەرەکان، ئەندامانی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی حەیدەر قوربانی، وردەکاریی نوێ سەبارەت بە دەرکردنی حوک

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٤:٥٨


هەنگاو: لەم راپۆرتەدا بە پشتبەستن بە لێدوانی پارێزەرەکان، ئەندامانی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی حەیدەر قوربانی، وردەکاریی نوێ سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بڵاو دەکرێتەوە.


یەکێک لە کەسە نزیکەکانی حەیدەر قوربانی لە وتووێژێک لە گەڵ هەواڵنێری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاودا رایگەیاند کە، وەزارەتی ئیتلاعات لە سناریۆیەکی لە پێش دارێژراودا حوکمی سێدارەی بە سەر حەیدەر قوربانی سەپاندووە بە شێوەیەک کە بە فەرمانی سەرۆکی دادگا، تەواوی دۆسیەکە نهێنی راگەیەندراوە و پارێزەری ناوبراو دەستی پێڕانەگەیشتووە.


حەیدەر قوربانی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە کوشتنی چەند ئەندامی سوپای پاسداران لە کامێران تۆمەتبار کراوە کە بە پێی وتەی جەوانمەردی، پارێزەری پێشووی ناوبراو، بە پێی یاسا ئەوپەڕی سزا بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە، بەندکرانە.


لە لایەکی دیکەوە لە بەرگەی داواکاری بۆ پێداچوونەوەدا جیاوازی دەبینرێ لە نێوان بۆچوونی لێکۆڵەر و دادوەری کامێران بۆ لێکدانەوەی جۆری تۆمەت و دادگاش ئەم جیاوزییەی بۆ چارەسەر نەکراوە.


لەو بەرگەی داواکاری بۆ پێداچووەنەوەیەدا کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نموونەیەکی لە بەردەستدایە، لێکۆڵەری دۆسیەکە لە بڕیاری دەستبەسەرکردندا کە بۆ دادگای نووسیوە هاتووە کە " بە هۆی ئەوەیکە ئامانجی کوشتن لە لایەن تۆمەتباران ١_ حەیدەر قوربانی، کوڕی عەلی و لەدایکبووی ١٣٥٢ لە گوندی بزوەشی کامێران، ٢_ کەماڵ قوبادی( هەڵاتوو) ٣_ سەعدی محەمەدی( هەڵاتوو) ٤_ سەلاح ڕەحمانی( هەڵاتوو) روون نیە و کوژراوەکانیش بە پێی راپۆرتی زارەکیی تۆمارکەراندا هیچ چەشنە هاوکارییەکی فەرمییان لە گەڵ سوپادا نەبووە، بۆیە ئامانجی کوشتن دژی سوپا و کۆماری ئیسلامی روون نیە.


سەرچاوەکەی هەنگاو کە ئاگاداری دۆسیەی حەیدەر قوربانییە وتی کە پاش ماوەیەکی زۆر لێکۆڵەر و دادگا رایانگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی لە دۆسیەیەکی دیکەدا داگایی دەکرێ.


بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە چەندین جار هەوڵی داوبوو و داوای لە دادگا کردبوو کە دۆسیە نوێیەکەی حەیدەر بخوێنێتەوە، بەڵام دادگا بە بیانووی نهێنی بوونی دۆسیەکە مۆڵەتی نەداوبوو پارێزەری حەیدەر قوربانی دەستی بە دۆسیەکە رابگات.


سەرچاوەکە هەروەها وتیشی کە رۆژی داگاییکردنەکە کە بە ئاشکراش بەڕێوە چوو، جەوانمەردی، پارێزەری پێشووی حەیدەر رایگەیاند کە " چۆن ئەتوانم بەرگری لە حەیدەر قوربانی بکەم کاتێک هیچ چەشنە زانیارییەکی وردم لە دۆسیەکەی نیە، بەو هۆیەوە ئەم دادگاییە رەوا و جێگای پەسند نیە".


بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، دادوەر سەعیدی لە رۆژی دادگاییکردنەکەدا بە پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییەی وتووە کە دەتوانێت لە نیو کاتژمێردا دۆسیە ٣٠٠ لاپەڕەکەی حەیدەر قوربانی بخوێنێتەوە و بەرگرییەکانی خۆی بنووسێ، بەڵام پارێزەرەکە ئەم داوایەی رەد کردۆتەوە.


ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ئێستای حەیدەر قوربانی وتی" ئەگەرچی حەیدەر قوربانی هێندێک کردەوەی هەبووە بەڵام هاوکاری لە کوشتندا بە هۆی ئەوەیکە چەکدارانە نەبووە، کردەوەی ناوبراو تەنیا بەشداری لە تاواندایە".


ئەو بەندکراوە سیاسییە کە رۆژی ٢٥ی رەزبەری ٢٧١٦( ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٦) لە گەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی " مەحموود سادقی" لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کاناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.


کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی حەیدەر قوربانی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستبەسەرکرانی نابراو بە هەنگاوی راگەیاند کە " لە کاتی دەستبەسەرکردندا زیاتر لە ٥٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران رژانە نێو ماڵەکەیان و بە پێکهێنانی ترس و تۆقاندن حەیدەر و مەحموودیان دەستبەسەر کرد و لەو کاتەوە خێزانی حەیدەر تووشی کێشەی دڵ بووە و هێمن کە کوڕە بچووکەکەی حەیدەرە و ئەو کات ١٠ ساڵ تەمەنی بووە تا ئیستا زمانی دەگیرێ و ناتوانێ باش قسە بکات.


بە وتەی ئەو سەرچاوەیە حەیدەر قوربانی ماوەی ٢٠ مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر تیڤی بڵاو بووە، بنەماڵەکەی بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانییان لە گەڵیدا قسە بکەن.


یەکێک لە هاوبەندییەکانی حەیدەر قوربانی لە بەندیخانەی سنە بە هەنگاوی راگەیاند کە " حەیدەر قوربانی وتوویە ئەو ماوەیەی کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتدا بووە رۆژانە ٢٤ جار لێکۆڵینەوەی لێکراوە و لێکۆڵەرەکەی پێی وتووە ئەگەر دادگاش حوکمی سێدارەت بۆ دەر نەکات، خۆم لەسێدارەت ئەدەم".


رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە هەموو رێکخراوەکان و ئورگانە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی نادادپەروەرانەی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد، بخەنە گەڕ.
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە