حوکمی سێدارەی سێ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کرا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی سێ بەندکراوی کورد کە بڕیار بوو سبەی لەسێدارە بدرێن، ئەم ئێوارەیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

٣ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٢٢:٥٣

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی سێ بەندکراوی کورد کە بڕیار بوو سبەی لەسێدارە بدرێن، ئەم ئێوارەیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕۆژی چوارشەممە  ٣ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی سێ هاووڵاتیی کورد کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری ئورمیە ناسنامەی ئەو سێ بەندکراوە کوردەی بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند؛

١_ ڕەئووف (ئازادی) ئازادیخا کوڕی حاجی سدیق تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی دزێی مەرگەوەڕ

٢_ ئیبراهیم (شەماڵ) ئەحمەدپووری، کوڕێ مەحموود و خەڵکی دزێ و دانیشتووی مەهابادی (کوڕەپووری ڕەئووف)

٣_ شەهابەدین محەمەد پووڕ خەڵکی ئورمیە

 

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ جوار بەندکراوی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گوازراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە یەکێک لە بەندکراوەکان بە ناوی ”حوسێن سەروەری“  دوای چەند کاتژمێر گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندی ١٥ و حوکمەکەی جێبەجێ نەکراوە.

ئەو کەسانە ماوەی ٣ ساڵ و ٥ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.

بڕیار بوو کە حوکمی سێدارەی ئەو سێ کەسە سبەی پێنج شەممە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێوارە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە کاتژمێر٢٢ (١٠ی شەو) لەسێدارە دەدرێن و ئەو کاتە دەتوانن سەردانی بەندیخانەی ئورمیە بکەن و تەرمەکانیان وەربگرنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە