حوکمی سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیەوە پشتڕاست کرایەوە.

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٠:١٢

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن  لقی دووی دادگای  شۆرشی ئورمیەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ریکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانویە ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە ئێستا لە بەندیخانەی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە مەحیەدین ڕاگەیەندراوە.

مەحەیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤١ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و هەمان حوکم لەلایەن هەمان دادگا پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە و دوای چەند مانگ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە و لەوکاتەوە لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە