حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەک جێبەجێ کرا و حوکمی دوو کەسیشیان بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دواخرا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا و حوکمی دوو کەسیان بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دواخرا. پێنج بەندکراوی دیکەش بڕیارە ڕۆ

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٨:١٢


هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا و حوکمی دوو کەسیان بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دواخرا. پێنج بەندکراوی دیکەش بڕیارە ڕۆژانی پێنج شممە و هەینی لە سێدارە بدرێن.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، دوو کەس لەو بەندکراوانەی کە لە بەندیخانەی سنە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان گوازرابوونە ژووری تاکەسی، براونەتە بەر پەتی سێدارە و یەکێکیان لەسێدارە دراوە.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، حوکمی سێدارەی ”لوقمان ئەحمەدپوور“ خەڵکی بانە جێبەجێ کراوە و حوکمی سێدارەی ”سەعید محەمەدپوور“ خەڵکی کرماشان بە مەرجێک ئەو بڕە پارەیەی کە وەکوو دیە دیاری کراوە دابین بکات، بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دواخراوە.


برای لوقمان ئەحەمدپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراوی بۆ هەنگاو پشتڕاست کردوە. لوقمان تەمەن ٣٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە کە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیگەی خەڵکی بانە دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

لەلایەکی دیکەوە، برای حوسێن حەیدەری، ئەو هاووڵاتییە سەقزییەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە بدرێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ”بنەماڵەی کوژراوەکە ڕەزامەندییان نیشان داوە کە لبڕی وەرگرتنی ٧٠٠ میلیۆن تمەن، لە حوسێن خۆش بن و هەتا دوای مانگی ڕەمەزان کاتمان پێدراوە کە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین“.


هەروەها، بڕیارە حوکمی سێدارەی پێنج کەسی دیکە کە براونەتە ژووری تاکەکەسی ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی جێبەجێ بکرێت. ناو ئەو پێنج کەسە بە شێوەی خوارەوەیە؛

١_ واحید فەیزی خەڵکی بانە، لە بەندیخانەی سنە
٢_ ڕامیار موخلیس خەڵکی بانە، لە بەندیخانەی سنە
٣_ سینا محەمەدی خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی سنە
٤_ عەدنان میرەکی خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی سنە
٥_ ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور خەڵکی سنە، لە بەندیخانەی سنە
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە