حیزبی دێموکرات گیان لە دەستدانی دوو ئەندامی خۆی لە بۆکان پشتڕاستکردەوە

هەنگاو: دوای تێپەڕینی دوو حەفتە لە تێکهەڵچوونی جاددەی میاندواو بۆ بۆکان لە نێوان هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی.

٣ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٢:٢٥

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی دوو حەفتە لە تێکهەڵچوونی جاددەی میاندواو بۆ بۆکان لە نێوان هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو، ئەو حیزبە گیان لە دەست دانی دوو ئەندامی خۆی پشتڕاستکردەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لەو تێکهەڵچوونەدا پێشمەرگەیەک بە ناوی شەهاب حەیدەری و ئەندامێکی نهێنی ئەو حیزبە بە ناوی هەژار ڕەزایی گیانیان لە دەست داوە.

شەوی پێنج شەممە (٢١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ١٢ی ژوئیەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو دەستڕیژیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید کرد کە دوو کەس گیانیان لە دەست دا و کەسێکیش چارەنووسی نادیارە.

هەواڵنێری هەنگاو پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار و جێگای متمانە ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا دوو ئەندامی ئیدارەی ئیتلاعاتیش کوژراون کە میدیاکانی حکوومەت بڵاویان نەکردەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە