حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد مەترسیی سێدارەی لە سەرە

هەنگاو: سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بەڕێ کراوە بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی کامێران و ئەم بەندکراوە سیا

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٧:١٨

 

هەنگاو: سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بەڕێ کراوە بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی کامێران و ئەم بەندکراوە سیاسییە مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەی لە سەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگوستەری سنە داوای دیوانی بەرزی وڵاتی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەی حەیدەر قوربانی ڕەد کردووەتەوە و سزای سێدارەی ناوبراوی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکانی کامێران بەڕێکردووە.

حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرز کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێجەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش دۆسیەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە. من ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەد کردووەتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لەکامێران بەڕێ کراوە.

قوربانی لە درێژەدا وتی: “ ئەمڕؤ چوارشممە سەردانی ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکانی کامێرانم کردووە و ئەوانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە زویی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەڕێ دەکرێت و سزای سێدارەکەی لەوێ جێبەجێ دەکرێت”.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کە رۆژی ٢٥ی رەزبەری ٢٧١٦( ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٦) لە گەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی " مەحموود سادقی" لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کاناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (ژانویەی ٢٠٢١) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی ە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە ٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (٢٨ی ژانویه) بە فەرمی بەناو براو لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیەندرا.

سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندبوو.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە حەیدەر قوربانی ماوەی ٢٠ مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر تیڤی بڵاو بووە، بنەماڵەکەی بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانییان لە گەڵیدا قسە بکەن.

هەنگاو داوا لە هەموو رێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە خێرایی زانیاریی لەم بارەوە بڵاو بکەنەوە و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە