خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسی کورد دوای ٢٢ ساڵ بەندکران ئازاد کرا

خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ٢٢ ساڵ بەندکران کە لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار و ئەویش دوای ٢١ ساڵ مافی مرەخەسی پێ درابوو، دوای ئەوەی کە بە

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٤٠


هەنگاو: سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ٢٢ ساڵ بەندکران کە لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار و ئەویش دوای ٢١ ساڵ مافی مرەخەسی پێ درابوو، دوای ئەوەی کە بەر لێبوردن کەوت ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦ی جولای ٢٠٢٢) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە خالید فەرەیدوونی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ ساڵ بەندکران بۆ یەکەم جار مافی هاتنە دەرەوەی کاتی لە بەندیخانەی پێ درابوو.

عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ٢٧٠٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دەستبەسەر کران.

ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتوونەتە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیراون.

ئەو دوو بەندکراوە سەرئەنجام بە دەستتێوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە پاییزی ئەو ساڵەدا، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە، بە تۆمەتی شەڕ کردن لەگەڵ خودا لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ئەم بڕیارە چەند ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٠٥ (٣ی ئەپریلی ٢٠٠٥)، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوەی پارێزگای ئورمیەوە ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور، پاش ئەوەی سزاکەیان بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٣ی دیسەمبەرەی ٢٠٠٧) لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج. لە پاش ١٠ ساڵ بەندکران لەو بەندیخانەیە و لە دۆخێکی نا مرۆڤانەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧)، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەممەد نەزەری، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

عومەر فەقێ پوور هاودۆسیەی خالید فەرەیدوونی بەهاری ساڵی ڕابردوو دوای ٢١ ساڵ بەندکران بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە