خالید فەرەیدوونی دوای ٢١ سال بەندکران بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە بەندیخانەیە، بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا.

٢٨ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٧:٥٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە بەندیخانەیە، بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢)، خالید فەرەیدوونی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، دوای ٢١ سال بەندکران بۆ یەکەمجار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مافی مرەخەسی پێدرا.

خالید فەرەیدوونی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١(، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە ڕەدکرانی داوای مافی مرەخەسییەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمییەوە، مانی لەخواردن گرتبوو و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە کە دوای یەک حەوتوو گەڕێندرابوویەوە بۆ بەندی سیاسی.

عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ٢٧٠٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دەستبەسەر کران.

ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتوونەتە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیراون.

ئەو دوو بەندکراوە سەرئەنجام بە دەستوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە پاییزی ئەو ساڵەدا، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە، بە تۆمەتی شەڕ کردن لەگەڵ خوا لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ئەم بڕیارە چەند ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٠٥ (٣ی ئاوریلی ٢٠٠٥)، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوەی پارێزگای ئورمیەوە ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور، پاش ئەوەی سزاکەیان بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٣ی دێسامبەری ٢٠٠٧) لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج. لە پاش ١٠ ساڵ بەندکران لەو بەندیخانەیە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠١٧)، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەمەدی نەزەری، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

عومەر فەقێ پوور هاودۆسیەی خالید فەرەیدوونی بەهاری ئەمساڵ دوای ٢١ سال بەندکران بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە