خالید نارین هونەرمەندی سەقزی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هونەرمەندێکی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێر

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٢٢:٣٧

 

هەنگاو: هونەرمەندێکی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، خالید کەریم نیا ناسراو بە خالید نارین هونەرمەندی خەڵکی سەقز لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی سزای ٧ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە سەر ناوبراودا سەپاوە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە هەتا لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە تانە لەو بڕیارە بدا.

خالید نارین هونەرمەندی خەڵکی سەقز سەرەتای بەهاری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و پاشان بە بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو لەکاتی دەستبەسەر کران ئەشکەنجە کراوە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەم هونەرمەندە کوردە چەندین جاری دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجام دراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە