خوێندکارێکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بڕیاری مانگێک دەستبەسەرکرانی بۆ دەرچوو

موحسین عەزیزی خوێندکاری تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی شنۆ کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ و باوک و دوو خزمی دیکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ٢١:٤٨


هەنگاو: شەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

موحسین عەزیزی خوێندکاری تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی شنۆ کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ و باوک و دوو خزمی دیکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە و لەلایەن دادگاوە بڕیاری مانگێک دەستبەسەرکرانی کاتی بۆ دەرچووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەزیزی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: "موحسین عەزیزی دوای دەستبەسەرکران بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە و لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە ".

جێگای ئاماژەیە کە موحسین عەزیزی خوێندکاری ئاستی دکتۆرای بەشی میعماری زانکۆی عەجەب شێرە.

موحسین عەزیزی ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ هاوڕێ لەگەڵ ئیبراهیم عەزیزی (باوک) و دوو خزمی دیکەیان بە ناوەکانی بەهمەن مەحموودی ئازەر و یەعقووب مەحموودی ئازەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا کە باوکی هەمان ڕۆژ و دوای لێپرسینەوە ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە موحسین عەزیزی برای لوقمان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردە کە پاییزی ڕابردوو لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان ناچار بوو زێدەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت و ئێستا نیشتەجێی وڵاتێکی ئەورووپایە.

محەممەد سدیق عەزیزی کوڕی لوقمان عەزیزیش ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لە تاران دەستبەسەر کرا و مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای سەربازیی یەکی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیەتی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە