خوێندکارێکی کورد و وەرگێڕی کتێبی “ئایا خوایەک بوونی هەیە” لە نەغەدە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: خوێندکارێکی کوردی دانیشتووی نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.

٢٠ خەرمانان ٢٧١٩، ١٥:١٧

 

هەنگاو: خوێندکارێکی کوردی دانیشتووی نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧١٩(٧ی سێپتامبری ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە شاری نەغەدە، هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی خوێندکارێکی کورد بە ناوی “عەبدوڵڵا پەریخانی” و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پەریخانی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو هێزانە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی هێرشیان کردووەتە سەر  ماڵی عەبدوڵڵا و دەستبەسەریان کردووە و دواتر ماڵەکشیان پشکنیوە.

عەبدووڵا خەڵکی شاری شنۆیە و دانیشتووی شاری نەغەدەیە، ناوبراو ماستەری زمانی ئینگلیسی هەیە و خوێندکاری زانکۆی ئورمیەیە.

هەمان سەرچاوەی لە درێژەدا ڕایگەیاند، پەریخانی سەرقاڵی وەرگێرانی کتێبی (ئایا خوایەک بوونی هەیە) بەرهەمی :ڕیچارد سوین” لە زمانی ئینگلیسی بۆسەر زمانی کوردی بووە.

دوای تێپەربوونی ٥ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەو خوێندکارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەست نیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە