خۆسووتاندنی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ئورمیە ناڕەزایەتیی بەندکراوانی دیکەی لێ کەوتەوە

هەنگاو: لە پاش ئەوەی بەندکراوێکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە بەرانبەر ئۆفیسی ئەفسەری نیگابان خۆی سووتاند، سەدان بەندکراوی ئەم بەندی

٥ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٦:٣٦

 

هەنگاو: لە پاش ئەوەی بەندکراوێکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە بەرانبەر ئۆفیسی ئەفسەری نیگابان خۆی سووتاند، سەدان بەندکراوی ئەم بەندیخانەیە ناڕرەزایەتییان دەربڕی و هەر بۆیەش هێزە تایبەتەکان چوونە ناو بەندیخانەوە بە لێدان و توندوتیژی ڕووبەڕووی ئەو بەندکراوانە بوونەوە.

بە گوێڕەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بەندکراوێک بە ناوی "حوجەت کازم نژاد"، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ئازاد نەکرانی پاش تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانی، لە کاتێکدا کە سەری خۆی لە گەچ گرتبوو لە بەردەم ئۆفیسی ئەفسەری نیگابان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەم هۆیەوە قاچێکی زۆر بە سەختی بریندار بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە کە لە بەندی ١-٢ ڕاگیراوە، کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ جارێکی دیکە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتە بەر لێدان و ئەمەش بوو بە هۆی کاردانەوەی بەندکراوانی دیکە و شەڕ و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.

لە پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە بەندەکانی ١،٢،٣ و ٤ کە زیاتر لە هەزار بەندکراو لەم چوار بەندەدا ڕاگیراون، بەرپرسانی بەندیخانە، دەرگاکانی بەندیخانەکەیان داخستووە و هەر جۆرە هاتوچۆیەکیان قەدەغە کردووە و هێزەکانی یەکەی تایبەت و پۆلیسی قەیران چوونەتە ناو بەندەکان و دەستیان کردووە بە لێدانی بەندکراوان.

بەندکراوانی ئەو چوار بەندەش سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و پەتووەکانی خۆیانیان سووتاندووە بە شێوەیەک کە دووکەڵ و بۆنی پەتووی سووتاو، سەرانسەری بەندیخانەکەی گرتووەتەوە.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ژمارەیەک لە بەندکراوانیش بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی چوونە دەرەوە، قەبووڵ نەکرانی داوایان بۆ ئازادبوونی مەرجدار و گرانیی لە ڕادەبەری کەلوپەلی فرۆشگای ناو بەندیخانە، ناڕەزاییان دەربڕیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە