خەبات وەیسی خوێندکاری مەریوانی بە بارمتەی یەک ملیاری ئازاد کرا

هەنگاو: خوێندکارێکی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران بە بە دانانی بارمتەی زۆر لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.

٩ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٤:١٥

 

هەنگاو: خوێندکارێکی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران بە بە دانانی بارمتەی زۆر لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (٢٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٢)، خەبات وەیسی خوێندکاری تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی مەریوان دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.


خەبات وەیسی خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی پەیام نووری مەریوان ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی جەنیوەری) بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مەریوان دەستبەسەر و حەوتووی ڕابردوو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان.

هەنگاو زانیویەتی کە خەبات وەیسی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لەو ماوەیەدا تەنیا دوو جار پەیوەندی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا سەرەڕای دەستبەسەرکرانی خەبات وەیسی دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆی و باوکی بە ناوی عەبدوڵڵا وەیسی دا گرتبوو.

عەبدوڵڵا وەیسی خەڵکی گوندی «گوڵچێر» ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٢٠ی جولایی ٢٠١٩) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە بنەماڵەی وەیسی کردووە کچەکەیان کە ئەندامی حیزبێکی دژبەری حکومەتە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە