خەدیجە مەهدی پوور بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئیلام بێبەش کراوە لە پەیوەندی لەگەڵ ماڵەوە

خەدیجە مەهدی پوور بەندکراوی سیاسی و تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری ئەیوان کە ماوەی سزای ٢٠ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێ دەپ

٢٦ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:١٧


هەنگاو: دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

خەدیجە مەهدی پوور بەندکراوی سیاسی و تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری ئەیوان کە ماوەی سزای ٢٠ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێ دەپەڕێنێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانە توندوتیژییەکان دراوەتە بەر لێدان و کوتان و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەشەوە لە مافی پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خەدیجە مەهدی پوور ماوەی یەک هەفتەیە بە بیانووی بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە لە مافی پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش کراوە و لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە ماڵەوە نەبووە.

هەنگاو زانیویەتی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لەو بەندکراوانەی کە بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی دەستبەسەر کراوان بە پاڵپشتی و دنەدانی بەرپرسانی بەندیخانە بە بیانووی بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان لە خەدیجە مەهدی پووریان داوە و تەنانەت شەوی عاشوورا ئیزنیان نەداوە ناوبراو بچێتە بەندی خۆی و بە ناچاری لە کتێبخانەی بەندیخانە نووستووە.

خەدیجە مەهدی پوور ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ئیلامەوە دەستبەسەر و پاش دوو ڕۆژ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوزرایەوە.

ناوبراو زستانی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام بە چەندین تۆمەت وەکوو «پڕوپاگەندە دژی نیزام»، «بێ ڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «بێ ڕێزی بە ڕێبەری ئێران» سزا دراوە و بەگوێرەی ماددەی ١٣٤ی یاسای تاوانەکان زیاترین سزا واتە سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بۆ دەرکراوە. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو لە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبە دژبەرەکانی حکومەت بێبەری کراوە.


جێگای ئاماژەیە کە خەدیجە مەهدی پوور ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و دواتر دوای ئەوەی دادگای شۆڕش سزای غەرامەی ٣ ملیۆن تمەنی بە سەردا سەپاندبوو، ئازاد کرا.

خەدیجە مەهدی پوور ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی مافی مرەخەسی پێدرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە