خەدیجە مێهدی پوور سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: خەدیجە مێهدی پوور چالاکی ژنی خەڵکی ئەیوانی ڕۆژئاوا کە سێ مانگ پێش دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپاو

١٤ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٥:٠٣

 

هەنگاو: خەدیجە مێهدی پوور چالاکی ژنی خەڵکی ئەیوانی ڕۆژئاوا کە سێ مانگ پێش دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خەدیجە مێهدی پوور تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوا سەر بە پارێزگای ئیلام لەم دواییانەدا سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

خەدیجە مێهدی پوور ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٠ی ئۆککتۆبری ٢٠٢١) بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ئیلامەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەدیجە مێهدی پوور لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام بە چەندین تۆمەت وەکوو “پڕوپاگەندە دژی نیزام” ، “بێ ڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسمای ئێران” و “بێ ڕێزی بە رێبەری ئیران”  سزا دراوە و بە گوێرەی ماددەی ١٣٤ی یاسای تاوانەکان زیاترین سزا واتە سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بۆ دەرکراوە. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو لە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەت بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە “ خەدیجە مێهدی پوور دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئیلام گوازراوەتەوە و بە هۆی شێدار بوونی زەوی و دیواری بەندی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە گورچیلەکانی هەویان کردووە و ئێستاش هەر ئازاری هەیە.

ناوبراو هەروەها پەڵەیەکی ڕەش لە چاوی دەرهاتووە و هەتا ئێستا لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە خەدیجە مێهدی پوور  ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و دواتر دوای ئەوەی دادگای شۆڕش سزای غەرامەی ٣ میلیۆن تمەنی بە سەردا سەپاندبوو، ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە