داواکاری گشتی  داوای حوکمی سێدارە بۆ ٦ بەندکراوی کورد دەکات

داواکاری گشتی داوای حوکمی سێدارە بۆ ٦ بەندکراوی کورد دەکات

19:49 - 20 July 2019

 

هەنگاو: داواکاری گشتی شاری دالاهۆی کرماشان خوازیاری ئەوە بووە کە ٦ بەندکراوی ئەمنیەتی خەلکی ئەو شارە لە سێدارە بدرێن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووە، ڕۆژی چوارشەممە (٢٩ی جۆزەردانی ٢٧١٩/ ١٩ی ژوئەنی ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری داڵاهۆ هێرشیان کردووەتە سەر گوندی باباجانی ئەبودجانە (خواروو) و پێنج هاووڵاتیان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ئەو ٥ هاووڵاتیە  کە بۆ هەنگاو ڕوون بە شێوەی خوارەوەیە:

١_ عەلی رەزا محەمەدی کوڕی نورمحەمەد

٢_ پوریا عەزیزیانی کوڕی عەزیزوڵڵا

٣_ یەعقووب ئەڵماسی کوڕی مەجید

٤_ سامان محەمەدی کوڕی حەیدەر

٥_ حەمزە محەمەدی کوڕی کاکە عەزیز

 

ئەو هێزانە ڕۆژی دواتریش کەسێکی دیکەیان بە ناوی “پەیمان محەمەدی” دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو ٦ هاووڵاتییە دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لە ژێڕ ئەشکەنجەدا بوون،  گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە و ئێستا لەوێ ڕاگیراون.

ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت ڕایگەیاند کە، عەلی سادقی داواکاری گشتی (دادستان)ی شاری داڵاهۆ داوای کردووە کە ئەو ٦ کەسە بە تۆمەتی هاوکاری گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان حوکی سێدارەیان بەسەردا بسەپێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی پەروەندە سازی بۆ ئەو کەسانە ڕی بۆ سەپاندنی ئەو حوکمە خۆش بکەن.

ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون تەمەنیان لە نێوان ١٧ ساڵ و ٣٠ ساڵ بووە و بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتوون ١٥ کەس دەستبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا ناسنامەی ٧ کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.