دانیشتنی دادگای ۹ مامۆستای خەڵکی سنە بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگای تایبەت بە ٩ کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٢٢ و ٢٣ی پووشپەڕی

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٥:٥٧


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

دانیشتنی دادگای تایبەت بە ٩ کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٢٢ و ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٣ و ١٤ی جولای ٢٠٢٢) لە لقی دووی داگای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە چوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەلاح حاجی میرزایی، محەممەد ڕەزا مورادی، نەسرین کەریمی، مریەم ئەحمەدی، مەجید کەریمی و غیاس ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان لقی سنە و کەڵاتەزارن و فەیسەڵ نووری، ڕەزا تەهماسبی و ئارام ئیبراهیمی لە چالاکانی پیشەیی سنە لەو دانیشتنەدا بە» پڕوپاگەندە دژی حکومەت «و» هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی «تۆمەتبار کراون.

بەگوێرەی بەڵگەیەک کە دەست هەنگاو کەوتووە، ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی پیشەیی سنە بۆ ئەو لقەی دادگا بانگ کراون و بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو دانیشتنی دادگای ئەوان بەڕێوە بچێت.

جێگای ئاماژەیە ژمارەیەک لەم کەسانە مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەشیان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە