دانیمارک/ چالاکێکی سیاسی کورد مەترسی دیپۆرتکردنە بۆ ئێرانی لەسەرە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەوڵاوا کە ماوەی پەنج ساڵە وەکوو پەناخواز لە وڵاتی دانیمارک ژیان ئەکات، مەترسی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٨:٠٩


هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەوڵاوا کە ماوەی پەنج ساڵە وەکوو پەناخواز لە وڵاتی دانیمارک ژیان ئەکات، مەترسی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، محەمەد ئەفشار حەمیدپوور تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی دێوەزناو سەر بە سەوڵاوا لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی دانیمارکەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە دەبێت دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.


ئەم هاووڵاتییە کوردە ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران مەترسیی جیددیی گیانی لەسەرە.


ئیدارەی پەنابەرانی دانمارک دوو ساڵ پێش ئێستا، پاش تاووتوێی کەیسیی پەنابەریی محەمەد ئەفشار وەڵامی نەرێنییان پێ داوەتەوە و لەو کاتەوە لە کەمپی داخراودا ڕاگیراوە و هەموو مافێکی شارۆمەندی لەو وڵاتە لێ زەوت کراوە.


ئەو پەنابەرە کوردە لە وتووێژێکی تایبەتدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، لە دۆخێکی نالەباری دەروونی و جەستەییدا بەسەردەبات و داوا لە ڕێکخراو مرۆڤدۆستەکان ئەکات کە بە هانایەوە بچن و پێش بە دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی بگرن.


ناوبراو لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەدات لەلایەن بەرپرسانی دانیمارکەوە و پێی ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە ئەوا هیچ چەشنە مەترسییەکی لەسەر نابێت.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری دیپۆرتی محەمەد ئەفشار حەمیدپوور بۆ ئێران دەردەبڕێت و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە دیپۆرتی ئەو هاووڵاتییە بخەنە گەڕ.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە