داواکاری هەنگاو بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ساڵڕۆژی دەرکردنی فەتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٨:٢٧


هەنگاو: هەینی ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی (١٩ی ئاگۆستی ١٩٧٩)خومەینی، دامەزرێنەر و ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، دژی خەڵکی کوردستان فەتوای جیهادی دەرکرد کە ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بە سەر ئەو تاوانە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان تێ دەپەڕێت.

بە دوای دەرکردنی ئەو فەتوایەی خومەینی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی هێرشی ئەرتەشی سربیا بۆ سربرنیتسا چوونە نێو شارەکانی کوردستان و دەستیان کرد بە کوشتوبڕ. تا ئێستاش ئەو تاوانانە لە کوردستان بێ سزا ماوەتەوە.

تا ئێستا هیچ کۆمیسیۆنێک یان لیژنەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو شەڕەی کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هەڵیگرساند پێک نەهاتووە و ئامارێکی فەرمیی ژمارەی کوژراوەکان کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلی شارەکانی کوردستان بوون، بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو خوازیاری پێکهاتنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی کوردستان و ناساندنی ئەو تاوانانەیە لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە و جێبەجێ بوونی دادپەروەری و دەستەبەر بوونی مافی قوربانییەکانی ئەو تاوانانە لە کوردستانە. تا ئێستا تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی کوردستان بە ئەنقەست یان کەمتەرخەمی نکۆڵی لێ کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە پێناوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کولتووری سزانەدان، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەبێت لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ بکرێت و دادپەروەری بۆ قوربانییەکان جێبەجێ بکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە