دایکێک و منداڵە چوار ساڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیلامەوە دەستبەسەر کراون

هەنگاو: ژنێکی گەنج لەگەڵ منداڵە چوارساڵانەکی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە س

٢٧ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١١:٥٩

 

هەنگاو: ژنێکی گەنج لەگەڵ منداڵە چوارساڵانەکی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە سەر دۆسیەکەیان و هەروەها هۆکاری دەستبەسەر کرانیان لە بەر دەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژنێک بە ناوی میترا تەقی پوور تەمەن ٤٠ ساڵ و منداڵە ٤ ساڵانەکەی بە ناوی مێهرسام ڕەسووڵی لە سنووری مێهران، چارەنووسیان نادیارە.

میترا تەقی پوور بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی ئیسفەهانە کە ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢١) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم ژنە بە هەنگاوی وت: “ میترا و منداڵەکەی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێکراوە و شەوانە ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کراون.”

ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفوونی بنەماڵەی تەقی پووری لە دەستبەسەر کرانی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئیلامیان کردووە پێیانیان ڕاگەیاندووە کە میترا تەقی پوور و منداڵەکەی ٨ ڕۆژ لێرە بوون و دواتر ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: “میترا تەقی پوور و منداڵە چوارساڵانەکەی دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر (٤ی ئۆکتۆبر) ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی.”

بنەماڵەی میترا و هەروەها بنەماڵەی هاوژینەکەی لەو ماوەیەدا چەندین جار داوایان کردووە کە منداڵە چوارساڵەکەی میترا ڕادەستی ئەوان بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک لەوبارەوە وڵامیانی نەداوەتەوە.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت بارودۆخی ئەم دایک و منداڵە، داواکاری گشتی و بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسفەهان بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی پاراستنی گیانی ئەوان دەزانێت و داوا دەکات هەرچی زووتر لە سەر دۆخی ئەو دایک و منداڵە وڵامدەر بن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە