دایە خەدیجە سەیف پەناهی و کوڕەکەی لە ماڵی خۆیان بەندکراون

هەنگاو: دایکێکی بەساڵاچوو و کوڕەکەی ماوەی ٧ ڕۆژە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە لە ماڵی

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٩:٤٣

 

هەنگاو: دایکێکی بەساڵاچوو و کوڕەکەی ماوەی ٧ ڕۆژە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە لە ماڵی خۆیانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی بەندکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، دایە خەدیجە سەیف پەناهی و کوڕەکەی خالید سەیف پەناهی لە ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی ڕابردوو ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٩ی مارسی ٢٠٢٢ ) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە لە ماڵەکەی خۆیاندا بەندکراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سەیف پەناهی، هێزە ئەمنییەکان وێڕای هەڕەشەکردن لەم دایک و کوڕە پێیانیان ڕاگەیاندووە کە هەتا ئاگادارتان دەکەینەوە مافی چوونە دەرەوە لە ماڵتان نییە و ئیزنتان نییە کە بەشداری هیچ یەک لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز بکەن.

دایە خەدیجە دایکی حامید سەیف پەناهییە کە ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠١٧) لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە کە لە شاری سنە هاتە ئاراوە گیانی لە دەست دا. هەر لەو تێکهەڵچوونەدا ڕامین حوسێن پەناهی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دیل گیرا کە دواتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەو سزایە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

جێگای ئاماژەیە کە دایە خەدیجە سەیف پەناهی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ڕابردووی شاری سنە بە لە مل کردنی جامانە و هەڵگرتنی گوڵی سوور داوای لە حیزبە کوردستانییەکان کردبوو کە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک بگرن کە لەگەڵ پێشوازی خەڵک بەرەوڕوو بوویەوە.

هەر لەو ڕاستدایە دا سوپای پاسداران ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە بە کار بردنی جامانە و گوڵی سوور لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز قەدەغەیە و سەدان چالاکی کورد لەو ماوەیەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە و دەیان کەسیش دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٣٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە