دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی سنە ئازاد کران

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەر کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان

٣١ خەرمانان ٢٧٢١، ١٠:١٨

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەر کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرت گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢١)، دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی گوندی تەنگیسەری سنە بە ناوەکانی سیروان ئەرغەوانی و فەرزاد سادقیان دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە یەک لەسەر سێی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەیان و بەخشینی ماوەی سزاکەیان، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کران.

ئەم دوو کەسە هاوڕێ لەگەڵ ئەمیر ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١٨ (١٤ی ژوئیەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگ و دەستبەسەر کران و دوای ٣٥ ڕۆژ هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ کەسە دواتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر کامەیان سزای یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

سیروان ئەرغەوانی و فەرزاد سادقیان ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە