دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی ماکۆ بە پێ بەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کران

دوو بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ بە ناوەکانی عوسمان حاجیلوو و مەهدی ئەرسەن کە هەواڵی دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزای بەندکران بە سەریاندا مید

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٩:٤٥


هەنگاو: چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

دوو بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ بە ناوەکانی عوسمان حاجیلوو و مەهدی ئەرسەن کە هەواڵی دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزای بەندکران بە سەریاندا میدیایی نەبووەتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای ئەوەی نیوەی سزاکەیان تێپەڕاندووە بە پێ بەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ ئازاد کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، عوسمان حاجیلوو خەڵکی گوندی شورک سەر بە ناوچەی بوراڵانی ماکۆ ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی» هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان «سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

هەروەها، مەهدی ئەرسەن خەڵکی گوندی زەلکە سەر بە شاری ماکۆ ساڵی ٢٧٢٠ (٢٠٢٠) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری خۆی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەو سزایە دواتر و دوای ئەوەی ناوبراو ملکەچی بڕیاری دادوەر بوو بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هەواڵی دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم میدیا بڵاوی دەکاتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ڕابردووش (مارسی ئەمساڵ) ڕاپۆرتێکی لە سەر ١١ بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ماکۆ بڵاو کردبووە کە هەواڵی ئەوانیش بۆ یەکەم جار لەلایەن هەنگاوەوە میدیایی دەکرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە