دوو بەندکراوی سیاسی کورد حوکمی ٣٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەکانی ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٧:٥٣


هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەکانی ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە ڕاگیرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی ٣٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارەش نەسری، بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەری مەقیسە بە چەند تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ١٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. دانیشتنی دادگای ناوبراو ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ (٢٠ی ژوئیە) بەڕێوەچووە و ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) حوکمەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.


بە پێی ئەو حوکمە، ئارەش نەسری بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک حوکمی ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی هاووچۆی نایاسایی بۆ دەرەوەی سنوور حوکمی ١٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، زیاترین حوکم واتە حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی ئارەش نەسری شیاوی جێبەجێ کردنە.


ئارەش نەسری تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی وەرامین، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (زستانی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای تەوابوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەوە و لەوکاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و بۆ ماوەیەکیش ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بووە.


لە لایەکی دیکەوە، کۆتایی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی ”حەمید عەبدی“ کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراووە لەلایەنلقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”نەجەف زادە“ بەتۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“ لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

حەمید عەبدی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای دوومانگ بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و سەرەتای خاکەلێوە بە دانانی بارمتە ئازاد و مانگی بانەمەڕ سەرلەنوێ دەستبەسەر کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە