دوو تێکهەڵچوونی چەکداری لە جاددەی نێوان بۆکان مەهاباد هاتە ئاراوە و ٧ کەس لە دوو لایەنی شەڕەکە کوژران

هەنگاو: لە جاددەی نێوان مەهاباد بۆ بۆکان دوو تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە.

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٠١:١٢

 

هەنگاو: لە جاددەی نێوان مەهاباد بۆ بۆکان دوو تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی شەوی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٩ی مەی ٢٠٢١)، لە جاددەی بۆکان بۆ مەهاباد و لە نزیک گوندی “قەرەبڵاغ” تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٣ ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات کوژراون. نیوکاتژمێر دوای ئەو تێکهەڵچوونە و لە شوێنێکی نزیک ئەو گوندە، هێزەکانی سپای پاسداران دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، لە تێکهەڵچوونی دووهەم دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کوژراون و یەکێکیان دوای ئەوەی بریندار بووە بە دیل گیراوە. هەروەها ئەفسەرێکی خەڵکی میاندواو و ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران کوژراون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ یەک لە حیزبە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەیان بە ئەستۆ نەگرووە. میدیاکانی سپای پاسدارانیش تەنیا باسی تێکهەڵچوونەکەیان میدایی کردووە و هیچ باسیان لە کوژراو و بریندارەکانی دوو لایەنی شەڕەکە نەکردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە