دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە و پیرانشار دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە و پیرانشار دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

13:23 - 22 September 2020

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە و پیرانشار کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، ”باپیر بەرزە“ خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ناساند.

باپیر بەرزە شەوی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧١٨ (١٠ی دێسامبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی ”هاوکاری کردن لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو و دوابەدوای سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، حوکمی بەندکرانی ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بوو بە ٤ ساڵ کە لە دانیشتنی دووهەمی ئەو دادگایە حوکمەکەی بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر)، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی ”ئاکۆ کەریمی“ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
ئاکۆ کەریمی لە کاتی خپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردوو دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپێشاندانەکان حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.