دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شنۆ بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شنۆ کە سەرەتای زستانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە بارمتە ئازاد کران.

٤ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٩:٠٤

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شنۆ کە سەرەتای زستانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە بارمتە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٢ی فێوریوەری ٢٠٢٢)، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ئەیووب مووسا و هاوڕێ خاڕەزم دوای ٤٥ ڕۆژ بەندکران بە بارمتەی ٥٠٠ و ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو دوو بنەماڵەیە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.

ئەیووب مووسا و هاوڕێ خاڕەزم ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٢ (لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شنۆ گوازرانەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو هاووڵاتییە دوای یەک مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گوازرابوونەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە