دوو چالاکی ژن لە شاری سنە دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو چالاکی ژن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.

٦ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٩:٠٤

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو چالاکی ژن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٤ی ژانویەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دوو چالاکی ژنیان بە بە ناوەکانی سۆما شاپەری و مەهسا محەممەدی دەستبەسەر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو کەسە دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕای گەیاند کە، سۆما شاپەری و مەهسا محەممەدی ڕۆژانە لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و شەوانە دەبرێنەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی سنە کە بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناسراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم دوو ژنە، لە بەر دەستدا نییە. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە وەکوو باقی حاڵەتەکان کە لە کوردستان تۆمار کراوە، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کراون و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە