دوو کرێکاری لاو بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست دا

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو دوو کرێکاری لاوی خەڵکی ئیلام و نەوسوود لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست دا.

١٨ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٢:٥٦

 

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو دوو کرێکاری لاوی خەڵکی ئیلام و نەوسوود لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست دا.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٧ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، کرێکارێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی گوندی نەیسانە سەر بە شاری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بە ناوی ”هەژار (محەمەد) شەریفی“ لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوەی کارەوە گیانی لە دەست داوە.
 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەژار شەریفی لە کاتی کار کردن لە میکانیکییەک و بە هۆی بەربوونی جەکی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە بەر سەری کەوتووە، دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
 

لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ئیلام لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەکارە بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەست داوە.
 

جەماڵ مووسەوی، سەرۆکی ئینتیزامی ئیلام لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو لاوە بە هۆی تەزووی کارەبای بەهێزەوە گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە