دوو کچی مێرمنداڵی مەهابادی دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد کراون

هەنگاو: دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی مەهاباد کە حەفتەی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر ئازاد کراون.

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٠٩:٠٨

 

هەنگاو: دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی مەهاباد کە حەفتەی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر ئازاد کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی گوندی «کۆسە کەرێز» ی شاری مەهاباد بە ناوەکانی پەریسا سپاهی تەمەن ١٧ ساڵ و کەویار ئەلیاسی تەمەن ١٨ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو کچە مێرمنداڵە لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە سەختی ئەشکەنجە کراون و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە پەریسا سپاهی و کەویار ئەلیاسی دوای ئازاد کرانیش دووجار بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ئەم دوو مێرمنداڵە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢) لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی عیرفان زولفی نیا ١٨ ساڵە و خەڵکی سەقز، یووسف حەشرەتی ٢٢ ساڵە و مەنسوور کانی ڕەشی ٣٢ ساڵە خەڵکی پیرانشار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر کرابوون.

لە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دیکە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە