دوو کەس لە دەستبەسەر کراوانی مەریوان ئازاد کران

هەنگاو: دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی “نێ” سەر بە شاری مەریوان بە بارمتە ئازاد کران.

٢١ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠٩:٠٨

 

هەنگاو: دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی “نێ” سەر بە شاری مەریوان بە بارمتە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١١ی دێسامبری ٢٠٢١)، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی نێ بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان ئەشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار دوای مانگێک دەستبەسەر کران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بوون لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و ناوەندە ئەمنییەکان ئەوانیان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەل ٤ کەسی دیکەی خەڵکی گوندی نێ بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینویی و ئیدریس بەهرامی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کران. لە چارەنووسی ٤ کەسی دیکە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە