دژایەتی ئازادی بەمەرج و درێژکرانەوەی ماوەی مرەخەسی یاسین کەنعانی دەکرێت

هەنگاو: یاسین کەنعانی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەقز کە دوای تێپەڕینی ماوەی ٢١ مانگ بەندکران لە ڕۆژانی ڕابردوودا مافی مرەخەسی پێدراوە

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٩:٣٢

 

هەنگاو: یاسین کەنعانی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەقز کە دوای تێپەڕینی ماوەی ٢١ مانگ بەندکران لە ڕۆژانی ڕابردوودا مافی مرەخەسی پێدراوە بە دژایەتی ناوەندە ئەمنییەکان مافی مرەخەسییەکەی درێژ نەکراوەتەوە و پێی ڕاگەیەندراوە ئەو چەند ڕۆژەشت لەسەر زیادییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە هۆی دژایەتی دادوەر ”بوداقی“ دادوەری چاوەدێر لە دادگای سەقز لەگەڵ درێژکردنەوەی مرەخەسی ٨ ڕۆژەی یاسین کەنعانی بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئەو شارە ، ناوبراو دەبێ ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ناساندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاسین کەنعانی لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە و دادوەر بداقی لە وڵامی داواکاری بنەماڵەی ناوبراو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مرەخەسییەکەی وتوویە :“ئەو چەند ڕۆژەش لەسەری زیادی بووە“.

یاسین کەنعانی ڕەزبەری ٢٧١٦ (ئۆکتۆبری ٢٠١٦) لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ”عادڵ حوسێن زادە“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل حیزبی کۆمەڵە حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

یاسین کەنعانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (١٤ی فێوریەی ٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سەقز گوازرایەوە و لەوکاتەوە و لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە و سەرباری ئەوەی کە ٢١ مانگە لە بەندیخانەیە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێگرییان کردووە لە پێدانی ئازادی بە مەرجی ناوبراو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە