دیاکۆ باڵەکی بەندکراوی سیاسی کورد ئازاد کرا

هەنگاو: دیاکۆ باڵەکی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان دوای تێپەڕاندنی نیوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٥:٣٩

 

هەنگاو: دیاکۆ باڵەکی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان دوای تێپەڕاندنی نیوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دیاکۆ باڵەکی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان دوای تێپەڕاندنی نیوەی سزای ١٨ مانگ بەندکرانەکەی، بە لێبوردن کەوتووە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

دیاکۆ باڵەکی تەمەن ٢٦ ساڵ مانگی بەفرانباری ٢٧١٨ (ژانویەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرایەوە و دوای ١٠ ڕۆژ مانەوەش لەوێ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و هەمان ساڵ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا.

دیاکۆ باڵەکی لە کاتێکدا کە بەندیخانە بوو لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر بێبوودی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە پێی ڕاگەیەندرا.

ئەو سزایە دوای ئەوەی داوای پێداچوونەوەی پیدا کرایەوە بۆ دوو سال و نیو و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە بۆ ١٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

دیاکۆ باڵەکی دواجار کۆتایی مانگی بانەمەڕی ٢٧٢١ (مەی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندی سزای ١٨ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گوازرایەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە