دەزگای دادیی کۆماری ئیسلامی، هونەرمەند سامان یاسینی بە موحاریبە تۆمەتبار کرد

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشان، دوای سێ حەوتوو لەدەستبەسەرکرانی، دەزگای دادیی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی موحاریبە بە واتای جەنگ لەگەڵ خودای بەسەردا سەپاندووە.

١٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١١:١١


هەنگاو: پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشان، دوای سێ حەوتوو لەدەستبەسەرکرانی، دەزگای دادیی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی موحاریبە بە واتای جەنگ لەگەڵ خودای بەسەردا سەپاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیشتنی دادگای سامان یاسینی تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە تاران و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەشکراو ناوبراو بە "محاربە" جەنگ لەگەڵ خودا تۆمەتبار کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵەکەی خۆی ڕفێندرابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستی هەنگاو، سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی بووە.

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر خەڵک بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵک دەربڕیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە