دەسبەسەر کردنی چوار هاووڵاتی لە شاری شنۆ

هەنگاو:لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٠:٤٤

 

هەنگاو:لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی  حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧ی بەفرانباری ٢٧١٨/ ١٧ی ژانویەی ٢٧١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ هاووڵاتیەکی کورد بەناوی “عەلی ئیسماعیلی” کوری محەمەد خەڵکی ئاوایی جاشێرانی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەو هێزانە چەند ڕۆژ پێش دوو هاووڵاتی دیکەیان لە بازاری کتێب فرۆشانی شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازراوەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتیەی “حەسەن موسەوی” و “عوسمان حسەنی” ڕاگەیاندووە کە هەردوویان بەرگدوورن.

ئەو سێ هاووڵاتیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە، هاوڵاتیەکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی “ئومید تایی” ماوەیەک پێش لە شاری سۆرانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە، دوای گەڕانەوە بۆ ئێران بەو تاوانە دەستبەسەر و ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران، ئازاد نەکراوە و هەنووکە لە بەندیخانە بەسەر دەبات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە