دەستبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان حەوتووی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٠٨:٢٦

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان حەوتووی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”دەرگا شێخان“یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوان ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کەسێکیان بە ناوی ”حامید دادستان“ تەمەن ٥٤ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ کوڕە ١٩ ساڵەکەی بە ناوی ” محەمەدعەلی دادستان“ دەستبەسەر کردووە. هاوکات کەسێکی دیکە بە ناوی ”حەمدی دەبستانی“ تەمەن ٤٢ ساڵ هەر لەو گوندە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن داویانیانەتە بەر لێدان و کوتان و توورەکەیان بەسەریاندا کێشاوە.

سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەفتە لە دەستبەسەر کرانی ئەو سێ هاووڵاتییە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە