دەستبەسەر کرانی جێگری پێشووی حیزبی وەحدەتی میللی، دەستبەسەر کراوەکان تۆمەتی تیرۆریان خرایە پاڵ

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کرانەکانی ئەم دواییەی ئەندامانی حیزبی (لقی کوردستانی وەحدەتی میللی) جێگری پێشووی ئەو حیزبەش دەستبەسەر کرا.

١٨ بەفرانبار ٢٧١٨، ٠٨:٣١

 

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کرانەکانی ئەم دواییەی ئەندامانی حیزبی (لقی کوردستانی وەحدەتی میللی) جێگری پێشووی ئەو حیزبەش دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ( ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨/ ٧ی ژانویەت ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، زانیار زەمیران، جێگری پێشووی  لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللییان لە شوێنی کاری خۆی لە ئیدارەی ئاوی ناوچەکە دەستبەسەر و ڕەوامەی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە دوای دەسبەسەر کردنی زانیار زەمیران، هەڵیانکوتاوەتە  سەر ماڵی زانیار و دەستیان بەسەر کەل و پەلی تاکەکەسی ناوبراودا گرتووە.

بەپشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم ١١ ئەندامی ئەو حیزبە لە شارەکانی سنە و کامیاران دەستبەسەر کراون.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون ئەندامی ئەنجومەنەکانی تایبەت بە ژینگەپارێزی بوو، بەم حاڵەوە، حوسێن خۆش ئیقباڵ، جێگری سیاسی و ئەمنیەتی پارێزگای سنە ڕۆژی ڕابردوو لە وتووێژێکد الەگەڵ هەواڵدەریی حکومەتی مێهر وتی ” بە سەرنجدان بەو زانیاریانەی کە لە ڕێگای ناوەندە ئەمنییەکانمانەوە بەدەستمان هێناوە، هێدێک کە ئەندامانی گروووپەکانی دژە شۆڕش کە پەیوەندییان بە شەهید کردنی شۆفێرێکی ئامبۆڵانس هەبووە و لە ژێر ناوی ژینگەپارێز چالاکییان کردووە و ئەرکیان پشتیوانی بووە لە ئەندامانی دژە شۆڕش، دەستبەسەر کراون.

شەوی هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ، کۆسار فاتێحی، ئەندامی گرووپی خاچی سووری ئێران بە دەستی کەسانێکی نەناناسراو لە نێوان شارەکانی سنە و کامیاران کوژرا و ئێستا ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ئەم کەسانە بە تیرۆری ناوبراو تۆمەتبار دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە