دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی لە پیرانشار و بۆکان

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٠٦:٤٦

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنج شەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکیان بە ناوی سەلاح عەلیزاده تەمەن ٣٥ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەستبەسەریان کردووە و دواتریش ماڵەکەیان پشکنیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کرانی سەلاح عەلیزاده، ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی دیاکۆ لوتفی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتر ماوەیەک لە باشووری کوردستان ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت بووە و لە ماوەی ڕابردوودا گەڕابوویەوە بۆ زێدەکەی خۆی.

سەرەڕای تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دیاکۆ لوتفی، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە