دەستبەسەر کرانی دوو چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی کورد لە پارێزگای کرماشان

هەنگاو: لە شاری شاباد (ئیسلام ئاوا) ی پارێزگای کرماشان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێر

٣ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٢٢:٠٦

 

هەنگاو: لە شاری شاباد (ئیسلام ئاوا) ی پارێزگای کرماشان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٣ی نۆڤەمبەر ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی و کەلتووریی شاباد بە ناوی "داریوش مورادی" و دەستبەسەریان کرد.

هەنگاو چەند کاتژمێرێک پێشتر، هەواڵی دەستبەسەر کرانی "ئانیسا جەعفەری مێهر"، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە شابادی بڵاو کردبووەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە بیست کەس لە هێزە ئەمنییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو چالاکە کوردە و جیا لە دەستبەسەر کرانی ئەوان، ماڵەکەیانیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا گرتووە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لەبارەی هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەم دوو چالاکە کوردە یا ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لەبەر دەست نییە.

ئەم دوو چالاکە کوردە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە