دەستبەسەر کرانی دوو ژنی چالاکی کورد لە تاران و کرماشان

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ژنی چالاکی کورد لە تاران و کرماشان کە پێشتر لەلاین دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٥:٥٥


هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ژنی چالاکی کورد لە تاران و کرماشان کە پێشتر لەلاین دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی جوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠م(١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، مێهرەبان کشاوەرزی، چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران دوای ئەوەی سەردانی یەکەی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی داددسەرای ئێڤینی تارانی کردووە، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە.

مێهرەبان کشاوەرزی کە خوێندکاری ماستەری ڕشتەی ئەکتەر لە زانکۆی هونەری تارانە، ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧١٦ (١٥ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە تاران و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و دوای سێ حەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٠١٧ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی ”پڕووپاگەندە دژی حکوومەت“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٣ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ (١٠ی ئاگۆست)، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی کەنگاوەر بە ناوی ”زارا جەماڵی“ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان کراوە.

زارا جەماڵی ڕؤژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٣ی امرسی ٢٠١٩) هاوڕێ لەگەڵ خۆشکەکەی بە ناوی سەمیرا جەماڵی و کەسێکی دیکە بە ناوی عەلی قولی لوو دوا ئەوەی ڤیدییەکی یەک خولەکییان ەلسەر حیجابی زۆرەملێ بڵاو کردبووە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە دواتر لەلایەن لقی پێنجەمی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی حکوومەت“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشانەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ناوبراو دواتریش لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی کەنگاوەر بە تۆمەتی ”ڕەچاو نەکردنی حیجاب لە شوێنە گشتییەکان“ حوکمی ٩١ ڕۆژ بەندکران و پێبژاردنی ٢ میلیۆن تمەن غەرامە و ٥٤٨ کاتژمیر بەشداری لە پۆلی ”عیفاف و حیجاب“ مەحکووم کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە