دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە شنۆ و ئورمیە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی ئورمیە نادیارە.

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١١:١٥


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی ئورمیە نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی گوندی ”پوشاوێ“ سەر بە شاری شنۆ بە ناوی یونس خزری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یوسن خزری بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دوو چالاکی مەزهەبی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی ”حامید عەلی مەشکۆ“ تەمن ٣٦ ساڵ و ”فەرشاد جەهش“ تەمەن ٣٢ ساڵیان دەستبەسەر کردووە.


فەرشاد جەهش خوێندکاری کارناسی رشتەی بەرق لە زانکۆی ئورمیە بووە و ئەو دوو کەسە دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراونەتەوە.


ئەو دوو چالاکە مەزهەبییە هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکەیانەوە نەگرتووە و لە هەبوونی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە